مەلا بەختیارو مەحمود سەنگاوی بەبێ ناوهێنانی یەکێتی، داوا لە خەڵک دەکەن بچن دەنگ بدەن

هەردوو ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دوو پەیامی جیاوازدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ دەنگدان بە لیستی " یەکێتی" بکەن، داوا لە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن بچن دەنگ بدەن بە کورد دژی تەعریب.

لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی داوا لە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات بچن بەشداری دەنگدان بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا.

لە پەیامەکەیدا دەڵێت" ئەم هەڵوێستەم نە بە بڕیاری سیاسی و نە بە تەکلیفە لە کەسەوە، من رەخنە و گلەیی و ناڕەزایەتی خۆم هەیە، بەلآم دەبێت بەم دەنگدانە دژی تەعریبی نوێ و تایفگەری و جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ بوەستینەوە".

مەلا بەختیار ئاماژە بۆ ئەوە ناکات کە خەڵک بچن دەنگ بدەن بە " یەکێتی"، بەڵکو دەڵێت" دەنگ بدەن بە کاندیدە پاک و کورد پەروەرەکان".

مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش لە پەیامێکدا کە ئەمشەو بڵاویکردەوە، دەڵێت " هەر وەک ئاگادارن لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکانتاندا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا چارەنووسی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانتان دیاری دەکرێت. 

سەرباری هەموو ئەو نەهامەتییە یەک لە دوای یەکەی کە بەسەر ئێوەی ئازیزی خۆڕاگر و ناوچەکانتاندا هاتووە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی کۆی لایەنە سیاسییەکان و واقیعی سیاسی عێراق، بەڵام بەشداری ئێوە بە ڕۆحیەتێکی کوردانەوە لەم هەڵبژاردنەدا سەنگی کورد وەک نەتەوە و خاوەنی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دیاری دەکات".

لە درێژەی پەیامەکەیدا داوا دەکات، لە یەکە بە یەکەی هاونیشتیمانیانمان لە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان بە گڕ و تینەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن و دەنگ بە لایەنی دڵخوازی خۆیان بدەن و بە دەنگەکانیان کوردستانی بوونی کەرکوکی خۆاگر و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان بسەلمێنن".

سە نگاوی داوا دەکات دەنگدەرانی کورد دەنگ بە " لایەنی دڵخوازی خۆیان بدەن".




PM:10:46:15/12/2023