هەزار دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێم لە دادگاکانە

 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان لە راپۆرتی چالاکی ساڵانەی دەستەکەیدا ئاشکرای کرد کە ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار دۆسیەی گەندەڵی  لێکۆڵینەوەیا لێدەکرێت.

ئەمڕۆ یەک شەممە ١٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا راپۆرتی ساڵانەی ٢٠٢٣ چالاکی دەستەکەیانی راگەیاند.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد کە بە دواداچوونی گەندەڵی ئەمساڵ بە بەراورد بە ٢٠٢٢ زیاترەو لە هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.
 
ئەحمەد ئەنوەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا، ٢٣٠ دۆسیەی گەندەڵی نوێ رەوانەی دادگەکان کراون کە ژمارەی ئەوانیش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە."
 
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەی خستەڕوو  '' ساڵانە چەندین ملیار دینار لە ئەنجامی کاری دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بۆ دارایی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.''
 
وەک لە راپۆرتی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان هاتووە، لەنێو تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵیدا بەڕێوەبەری گشتی، وەزیری پێشوو، بریکاری پێشووی وەزارەت و 13 بەڕێوەبەر دەبینرێن. حاکم ئەحمەد تێبینی ئەوەی کردووە کە ئەو سزایانەی لە دادگاوە دەردەچێت بۆ پلە باڵاکان " راگرتنی جێبەجێکردنی " ئاراستەکراوە کە دوای سێ ساڵ دەسڕێتەوەو ناچێتە دۆسیەکەیەوە. 
 
لە راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە" لە ماوەی ئەم ١١ مانگەدا، ١٠٥ دۆسیەی گەندەڵی یەکلایی کراونەتەوە کە ٤٤ یان بە ئازادکردنی تۆمەتبار و ٦١ دۆسیەش بە سزادان کۆتاییهاتووە.

هەندێک لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە قۆناخی دادگەییکردندا سێ بۆ چوار ساڵ دوادەکەون، ئەحمەد ئەنوەر پێوایە  "دواکەوتنی دۆسیەکان لە دادگە پەیوەندی بە نەبوونی دادگەیەکی تایبەتەوەیە بە دۆسیەیەکانی گەندەڵی."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی نیگەرانە لە دروستنەکردنی  دادگەی تایبەت بە دۆسیەیەی گەندەڵی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەولێر کە بڕیار هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە.
 



PM:08:52:17/12/2023