مقاومەی ئیسلامی: هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل

میلیشیاکانی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە "چەکی گونجاو" هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەی ئیلات کە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیلەوە.

ئەمڕۆ هەینی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند" لە وەڵامی کوشتوبڕکردنی مەدەنییەکانی فەڵەستین لە غەززە، هێرشیان کردە سەر ئامانجێکی ئیسرائیل لە شارۆچکەی ئیلات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە چۆنێتی ئەنجامدانی هێرشەکە نەکراوە، تەنها ئەوە خراوەتەڕوو کە بە "چەکی گونجاو" لە ئامانجەکەیان داوە.

مقاوەمەی ئیسلامی لەو میلیشیایانەی شیعە پێکدێت کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەرکەوتن.

ئەو میلیشیایانە زیاتر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکەنە ئامانج، ئەویش بە پاساوی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هێرشەکانی سەر غەزەدا پشتوانی لە ئیسرائیل دەکات.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 100 هێرشە کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.


PM:12:22:22/12/2023