ژنێک بە تۆمەتی دزینی ٩٠ هەزار دۆلار دەستگیر دەکرێت

مەفرەزەكانی نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە بڕی ٩٠ هەزار دۆلار (٩ دەفتەر دۆلار)ی دزیبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند" دوای تۆماركردنی سكاڵایەكی یاسایی لەلایەن هاووڵاتییەكەوە، كە بڕی ٩٠ هەزار دۆلاری لەناو ئوتۆمبێلەكەیدا لێ دزرابوو، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاڕی بەڕێز دادوەر، توانرا لەناو ماڵێكدا لەشاری سلێمانی پارەكە بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامبوو بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرەنجام توانرا شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بكرێت، كە هەڵاتبوو بۆ شاری كەركوك، مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی كەركوك توانیان تۆمەتبار دەستگیربكەن".

ئاماژە بەوەشدراوە تۆمەتبار (ز، م، ع) ١٩٨٧دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاڕی دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٦لەیاسای سزادان ڕاگیراوە، هەروەها تۆمەتبار لەچەند نووسینگەیەكی تری نەهێشتنی تاوان و بەتۆمەتی دزیكردن و بەپێی ماددەی ٤٤٦داواكراو بووە.


PM:07:33:23/12/2023