سەعدی پیرە: دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبینەوە

وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند" دوای راگەیەندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبینەوە". 
 
رۆژی شەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەم، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی لە لێدەوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " لەبارەی پێشنیازکردنی کەسێک لەلایەن یەکێتییەوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کاتێک دەکرێت کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رابگەیێنێت".
 
لەبارەی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکوک،سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند" بە تەنیا هەر پارتی نییە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە چوار پارێزگای کەرکوک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین کورسییان هێناوە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە گرنگە ماڵی کورد یەکبێت".
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ٩٤.٤٪ی دەنگە جیاکراوەکان، یەکێتی لە پارێزگای کەرکوک پێنج کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارتی دوو کورسی بەدەستهێناوە.



PM:11:02:23/12/2023