هەرێم و بەغداد رێككەوتوون بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەكان

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم رایدەگەیەنێت" لەگەڵ بەغداد رێككەوتوون بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەكان و بڕیارە دوای سەری ساڵی نوێ وەفدێكی هەرێم بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغداد بكاتەوە".

ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتووین كە بڕیاری ژمارە ١٣ی تایبەت بە دەروازە سنوورییەكان هەمواربكرێتەوە بە جۆرێك كە سیاسەتێكی یەگگرتوو بۆ گومرگەكان دابنرێن و لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان جێبەجێبكرێت".

راشیگەیاند" بڕیارە دوای سەری ساڵی نوێ وەفدێكی هەرێم بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغداد بكاتەوە و جگەلەوەش لیژنەیەكی هاوبەش بۆ دەروازە سنوورییەكان پێكدەهێندرێت و هەر دەروازەیەك مەرجەكانی تێدابوو بە رەسمی بناسێندرێن و مەرجەكانی تێدا نەبوو دابخرێن".

بە گوێرەی ڕێکەوتنەکان لەمەولا بەڕێوەبردن و بەردەوام بوون و داخستنی هەر دەروازەیەکی سنوری بە بڕیاری بەغدا دەبێت.




PM:11:52:23/12/2023