کاندیدە سەرکەوتووەکەی یەکێتی لە خانەقین: مەرجەعی من یەکێتییە

کاندیدێکی سەرکەوتووی یەکێتی لە خانەقین کە بەڕەگەز عەرەبە دەڵێت "مەرجەعی من یەکێتی نیشتمانییە و هۆکاری سەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکانی تر بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە پێشتر خزمەتی خانەقینی کردووە".

ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، کاندیدی سەرکەوتووی یەکێتی لە خانەقین کە بە رەگەز عەرەبە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند" ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی خانەقین بووم، هەندێک ئیشی سادەم بۆ خانەقین کرد. پێشتر تاقیکراومەتەوە لەلایەن خانەقینییەکانەوە، بۆیە من کورسییەکەی یەکێتیم بەدەستهێنا، مەرجەعی منیش یەکێتی نیشتمانییە".


وتیشی" خانەقین شاری رۆشنبیرانە و جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب ناکات. مام جەلالیش سیمبولی عێراقییەکان بوو بە بێ جیاوازی، منیش خۆم بە قوتابی مام جەلال دەزانم".

ئەوس ئیبراهیم دەڵێت" کیبەرکێ لە پارێزگای دیالە لەنێوان حزبەکان و کاندیدەکانیش بەهێزبوو، بەڵام من کورسییەکەم بردەوە، یەکێتی وەکو چەپکە گوڵ وایە و هەموو پێکهاتەیەکی تێدایە، من پێشمەرگەی مام جەلالم."

دەنگی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە" لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، ئەوس ئیبراهیم گرتەی ڤیدۆیی خۆی لە نێو شەقامەکانی خانەقین بڵاودەکردەوە، کە ڕەخنەی لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لە خانەقین و خراپی ڕێگەو بانەکان دەگرت، هەروەها لە شوێنە گشتییەکانی خانەقین ئاڵای کوردستانی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد و سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکرد، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئەو وێنانەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی گرتوونی سرودی نەتەوەیی کوردی دادەنا". 

سەرەرای ئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە کوردن، بەڵام کاندیدی ژمارە ٥ی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوس ئیبراهیم ئەلمەهداوی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە تەنها کورسییەکەی کوردی بردەوە و پێش ٥٢ کاندیدی تری کورد کەوت.



AM:12:23:24/12/2023