دوو جوتیاری کوردی کەرکوک لەسەر زەویوزار دەستگیرکران

دوو جوتیاری کورد لەسەر بەرگریکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لە کەرکوک لەلایەن پۆلیسی شارەکەوە دەستگیرکران.

رۆژی یەکشەممە، ٢٤ ی کانوونی یەکەم، ساتیح ناسیح، نوێنەری جووتیاران و سۆران نازم لەسەر سکاڵایەکی هێزە عێراقییەکان بانگهێشتی بنکەی پۆلیسی ناحیەی یایچی کراون، دواتر دادوەر فەرمانی راگرتنی بۆ دەرکردوون و ئێستا لە زیندانن. 
 
نازم مەحموود کە هاوڕێیەکی دوو جوتیارە گیراوەکەیە بە " رووداوی " راگەیاندووە "پێشووتر سوپا هاتبوونە سەرمان، لە خەڵکیاندابوو و هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکانی ئەو گوندەیان دابوو"، بەڵام ئەو جووتیارانە پارێزگارییان کردووە، ئەو هێزەی سوپای عێراق بە تۆمەتی هاندان و کۆکردنەوەی خەڵک لە دژی ئەوان سکاڵایان لە دژیان تۆمارکردووە. 
 
ساتیح ناسیح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا پێش دەستگیرکردنی ئاشکرای کردووە" رۆژێک پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لەبارەی کێشەی زەوییەکانەوە قسەی کردووە؛ بەرپرسە ئەمنییەکە پێی وتووە؛ ئێمە کار بە بڕیاری ٢٩ ناکەین کە ئەنجوومەنی وەزیران دەریکردووە، کێشەی زەوی لە کەرکووک دەبێت بە مووناسەفە چارەسەر بکرێت." مەبەستی لە مووناسەفە ئەوەبوو کە ئەو زەوییانەی داگیرکراون، جووتیاری کورد دەبێت لەگەڵ عەرەبەکان رێکبکەوێت نیوەی بەوان بدات و نیوەکەی دیکە بۆخۆی هەڵبگرێتەوە.



AM:08:30:25/12/2023