میدیای گۆڕان: حوکمڕانی هەرێم عینادو لوتبەرزە


کەناڵی KNN کە کەناڵی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەرپرسانی باڵای حکومەت بەبێ ناوهێنانیان بە " عیناد و لووتبەرز" وەسف دەکات.
لە راپۆرتێکدا کە تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پەیوەندی بەغداو هەرێم، راپۆرتێکی کەناڵی KNN هاتووە" حكومەتی هەرێم موچەی سێ مانگی ٢٠٢٣ ی وەك قەرز جێگیركرد، ئەویش دەچێتە سەر قەرزەكانی تری ئەو موچانەی فەرمانبەران كە قەرزن لای حكومەت." 

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە "ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات بەرئەنجامی عینادی سیاسی و لوتبەرزی حوكمڕانیەكە كە لە جەواڵی كۆنە حوكمڕانێكی ترەوە هاتووە".

کەناڵەکە پێیوایە" حكومەتی هەرێم چارەنووسی شەش ملیۆن هاوڵاتی بەستووەتەوە بە گرەوی سیاسی و گرێكوێرەی دەرونی كاتێك دەبێت سەركردەی حوكمڕان گومڕاو لە خۆبایی بێت، كە بتوانێت میللەتەكەی خۆش بژیت  عینادی و لوتبەرزی بۆ كەسانێك باشە كە گەلەكەیان خۆشبەختانە بژین کە لەبری ئەوەی حكومەت قەرزاری خەڵك بێت خەڵك قەرزاری حكومەت بێت".

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە  هێشتا نازانرێت حكومەتی هەرێم پلانی دارایی بۆ ساڵی نوێ چی ییە؟.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان شەریکی سەرەکی پارتی و یەکێتی یە لە کابینەی مەسرور بارزانیداو وەزیرەکانی بەرگری تەواو لە کابینەکە دەکەن.

لە مانگی تەموزی ئەمساڵیشدا ئەو کەناڵە راپۆرتێکی لەم شێووەیەی بڵاوکردەوە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لابرا.



AM:10:37:25/12/2023