لە تەقتەق باوکێک فیشەکی نا بە کچەکەیەوە

لەناو بازاڕی تەقتەق باوکێک فیشەکی نا بە کچەکەیەوە پۆلیس دەڵێت، "رەوشی تەندروستی کچەکە بەرەو خراپی دەڕوات".

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ باوکێک کە پیشەی ئەندامە لە هێزی بەرگری و فریاکەوتن، لە دوورەوە و لەناو سەیارەوە تەقەی لە کچەکەی کردووە، سەختی برینەکەی هۆکار بووە تا بە برینداری لە تەقتەقەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بیگوازنەوە، کچەکە تەمەنی ٢٥ی ساڵە  بە ناوی (س.م.س) کە پیشەی فەرمانبەرە لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک.

هەرێم دڵشاد، بەڕێوەبەری پۆلیسی تەقتەق ڕایگەیاند، "باوکی کچەکەکە ماوەی ساڵێکە، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و بەردەوام ماوەی رابردوو، گرفتی کۆمەڵایەتییان هەبووە، ئەم ماوەیەش تەنیا دایک و کچە لە تەقتەق ماونەتەوە و باوکیان لە دەرەوەی ناحیەکە ژیاوە".

لە بارەی رەوشی بریندارەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی تەقتەق وتی"سەرەتا تا رادەیەک دۆخی باشبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا بە ئێمە گەیشتووەتەوە، دۆخی ناجێگیرە و فیشەکەکە بەر بەشی سەرەوەی جەستەی کەوتووە”.

ئاماژەی بەوەشداوە، پاش رووداوەکە هێزیان ناردووە بۆ جێگە ئاشکرانەکراوەکانی باوکی کچەکە، بەڵام لە شوێنەکە نەبووە، ئەوەشی وت، "گومان دەکەین بۆ بازیان هەڵاتبێت تا دەستگیرکردنی تۆمەتبار ناوەستین".



PM:03:42:27/12/2023