ئاواتی شێخ جەناب وەڵامی میدیای گۆڕان دەداتەوە


وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کە خۆی لە پشکی گۆڕان لە کابینەی مەسرور بارزانی وەزیرە، وەڵامی راپۆرتێکی کەناڵی KNN دەداتەوە کە زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانە.

ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو کەناڵی KNN لە راپۆرتێکی کەناڵەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە وەزارەتی دارایی هەرێم هێندە داهاتی لەبەردەستدایە کە مووچەی مانگێکی تری مووچەخۆرانی هەرێم بدات، وەزیری دارایی لەم روونکردنەوەیەدا ئاماژە بۆ داهاتوو و بڕی ئەو پارانەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووەو، بڕی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.

ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە.

شەوی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١٢/٢٦ کەناڵی کەی ئێن ئێن لە میانی ڕاپۆرتێکدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستۆتە ڕوو کە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بووەو بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتیەوە، بەپێوستمان زانی هەندێک لە ڕاستیەکان باس بکەین تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو جۆرە کەسانەی زەینیان کوێرەو مێژویان بیر ئەچێتەوە.

لامان سەیرە کە ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتەیەکی سەرەکی حکومەتی هەرێمن نەزانێت داهاتی ناوخۆ چۆن خەرج دەکرێت ، بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەکوو خۆی بگاتە ئەو ڕاگەیاندنکارە چەواشەکارە و هاوڵاتیان و مووچەخۆران ڕوون بێتەوە بەگرنگمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە بەپێی داتاو زانیاریە بەردەستەکانی لامانە بەبەڵگەو ژمارە.

چونکە پێمان وایە بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە ڕاستیەکان وەک خۆی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت.

هەروەک گرنگە هەموو لایەک زانیاری تەواویان لەسەر داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی هەبێت، هەرچەندە لەڕابردوشدا چەند جارێک لەبۆنەی جیاواز جیاوازدا باسمان کردووە.

١- بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ١٠ مووچەی تەواومان دابەش کردووە کە مووچەیەکیان هی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ بووەو ٩ مووچەشیان هی ساڵی ٢٠٢٣ بووە، لەساڵی ٢٠٢٣ حکومەتی عێراق تەنها ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کەلەو ژمارەیە ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووەو ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.

٢-پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ( ١١ ) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی ٥ ترلیۆن دینارەو کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم .
٣-یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ( ٢٥ ) ملیار دینارە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروست بوو بوو ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.

٤-داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارەو لەساڵێکدا نزیکەی ٤ ترلیۆن دینارە بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و کارەباو هاتوچۆو بەڕێوبەرایەتیەکانی تۆماری خانوبەرە)،بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزەو دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.

٥-زیاتر لە ٢ ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو ١٠ مووچەیە بەکارهێنراوە کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەت ) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.



PM:11:47:29/12/2023