وەزارەتی پێشمەرگە: سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و مافی بەرپەرچدانەوەمان دەبێت

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر بارەگاییەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین و مافی بەرپەرچدانەوەمان دەبێت".

ئەمڕۆ دووشەممە، ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر بارەگاییەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، کە لە بەرواری ٣٠ کانوونی یەکەم لە سنووری پیرمام-هەولێر لەلایه‌ن گروپە لە یاسا دەرچوەکان ئەنجام درا".

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەکات ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین، کە کە پاڵپشتمان بن بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانەیە کە دەبێتە هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە" سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، زامنیی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە، هەر بۆیە هەرچی زووە دەبێت بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن".

جەختی لەوەشکردووەتەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.

شەوی شەممە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام- هەولێر جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. 



PM:03:26:01/01/2024