وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی نەوت زیاتر لە ملیارێك دۆلار كەمی كردووە

بە گوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی كانونی یەكەمی بەراورد بە مانگی پێشتر زیاتر لە ملیارێک دۆلار کەمی کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێکدا داهاتی نەوتی لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣دا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە" داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتووەتە (٨ ملیارو  ٣١٦ ملیۆن) دۆلار، بڕی ھەناردەی نەوت (١٠٨ ملیۆن و  ٠٥٦ھەزارو ٥٩٠) بەرمیل بووە".

بە پێی راپۆرتەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەراورد بە مانگی پێشوو زیاتر لە ملیارێک دۆلار کەمی کردووە.

لە راپۆرتەکە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەش خراوەتەروو کە " تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( ٣ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار) بەرمیل بووە، و تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (٧٦.٩٦) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک".

ئەمە لە کاتێکدایە کە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو داهاتی نەوتی عێراق (٩ ملیار و ٦٦٩ ملیۆن) دۆلار بووە، مانگی كانونی یەكەم (٨ ملیارو ٣١٦ ملیۆن) دۆلار بووە واتا (ملیارێك و ٣٥٣ ملیۆن) دۆلار كەمیكردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، داهاتی هەناردەی نەوت لە ٢٠٢٣دا  گەیشتووەتە ٨٧ ملیار و ٦١٢ ملیۆن و ٢٩٥ هەزار و ١٧٨ دۆلار، کە لەسەر ئاستی مانگانە بە تێكڕا دەکاتە حەوت ملیار و ٣٠١ ملیۆن و ٢٤ هەزار دۆلار، لەسەر ئاستی رۆژانەش دەکاتە ٢٤٠ ملیۆن و ٣٣ هەزار و ٦٨٥ دۆلار.
 
لە ساڵی ٢٠٢٢دا عێراق بە کۆی گشتی ١١٥ ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوت دەستکەوتووە؛ بەم پێیە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق ٣١.٧٩٪ دابەزیوە، واتا داهاتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٣دا نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار کەمی کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت" کۆمپانیا نەوتییەکانی هیندستان و چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون لە ٢٠٢٣دا، دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئەمریکییەکانن''.
 
بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی ٧٠٪ـی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوەوە دەچێتە ئاسیا، بەتایبەتیش هیندستان و چین و ٣٠٪ـیەکەی دیکەش، لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرێت.
 



PM:09:34:02/01/2024