دیالە.. دوو بەڕیوەبەری بانکی حکومی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەستگیر دەکرێن

دوو بەڕێوەبەری بانكی حكومی لە پارێزگای دیالە بەتاوانی گەندەڵی دارایی، زیندانی دەکرێن  و دەبێت سەرجەم ئەو پارانەی بردوویانە، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

دەستەی دەستپاكیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" دوای ئەوەی بەڕێوەبەری دوو بانكی حكومی لەسنووری پارێزگای دیالە، بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەستگیركران و لە پۆستەكانیشیان دوورخرانەوە، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دیالە بە دوو ساڵ زیندانیكردن دادگایی كران".

لە راگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا هاتووە" دوو تاوانبارەكە، كە یەكێكیان بەڕێوەبەری پێشووی بانكی كشتوكاڵی/ لقی هیپ هیپ بوو، بەتاوانی دزینی ١٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار، سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، تاوانباری دووەمیش كە بەڕێوەبەری پێشووی بانكی كشتوكاڵی/ لقی بەلەدروز بوو، بەتاوانی دزینی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار، سزای یەك ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا".

دەستەی دەستپاكیی عیراق راشیگەیاندووە" ئەو بڕە پارەیەی كە ئەو دوو بەڕێوەبەری بانكە دزیویانە، پارەی سپێردراوی جوتیارانی پارێزگای دیالەیە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای كردووە هەر كەسێك بەهۆی گەندەڵییەكانی دوو تاوانبارەكە زیانیان بەركەوتووە، دەتوانن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بكەن".

ئاماژە بەوەشدراوە کە هەردوو تاوانبارەكە كە بەپێی ماددەی ٣١٦ لەیاسای سزادانی عیراقی دادگایی كراون، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دیالە لەسەریان سەپێندراوە كە دەبێ سەرجەم ئەو پارەیەی دزیویانە، بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ماوەی حوكمەكەشیان تەواو بكەن، لە زیندان ئازاد ناكرێن.





PM:11:13:05/01/2024