ژمارەیەک لەو کەسانەی لەگەڵ ئەژی ئەمین چوونە نێو پارتی گەڕانەوە نێو یەکێتی

‌ئەرشیف: ئەژی ئەمین و حاکم والی

ئەمڕۆ شەممە ٦ ی کانوونی دووەم ژمارەیەک لەو بەرپرس و کارمەندانەی دەزگای زانیاری یەکێتی کە لەگەڵ ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری چووبوونە هەولێر و پەیوەندیان بە پارتییە کردبوو، گەڕانەوە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە دیارترین لەو کەسانەی لەگەڵ ئەژی ئەمین گەڕاونەتەوە نێو یەکێتی بەرپرسێکی ناو دەزگای زانیارییە ناوی ( حاکم والی ئینخانی)یە.

حاکم والی ئینخانی پێش ئەوەی بچێتە هەولێر، ماوەیەک لە پەیوەندیەکانی دەزگای زانیاری و ماوەیەکی دی لە بواری لێکۆڵینەوەدا کاری کردووە.

هەرچەندە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بە وردی نەزانراوە چەندن، بەڵام ئاماژە بۆ دەیان کەسی دەزگای زانیاری دەکرێت کە گەڕاونەتەوە.

ئەژی ئەمین، دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٢ ناو یەکێتی، کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری ئەو حیزبە و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، سلێمانی بەجێهیشت و چووە هەولێر.
 



PM:11:14:06/01/2024