ئێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل سزای سێدارە بەسەر ٤ گەنجی کورد دەسەپێنێت

دادگای شۆڕشی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار زیندانی سایسی کورد دەرکرد کە بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل تۆمەتبارکراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" موحسین مەزڵووم تەمەن ٢٧ساڵ و خەڵکی مەهاباد، محەممەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامێران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە".

بەوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە" بنەماڵەکانیان لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە و تا ئێستا هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا نەبووە. هەروەها پارێزەرەکەیان هەتا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێنێتەوە".

هەنگاو لەگەڵ هۆشداریدان سەبارەت بە مەترسی جددی جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوانە، ئەوەشی خستووەتەڕوو" کە تۆمەتبارەکان بە بێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی کەسێکی تۆمەتبار، یەک ساڵ و پێنج مانگ و پازدە ڕۆژی ڕابردوو لە ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراون و لەژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی داندراون".

راشیگەیاندووە" ناوەندە ئەمنییەکان بە پەلەیەکی زیاترەوە لە هەوڵدان سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە جێبەجێ بکرێت. ئەو کردەوە بە لەبەر چاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ ڕێکلامی سیاسی لەدوای زیاتربوونەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەتەواوی پێشبینیکراو بەچاو دێت".

ئاماژەشی بەوەداوە پێشتر میدیا فەرمی ئێران بڵاویکردبووەوە" ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە کە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەن لە کاتێکدا کە چەکداربوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە دەستبەسەرکراون".



AM:09:31:07/01/2024