لە ساڵی رابردوودا ٧٨ کرێکار لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٥٣ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کرێکاریش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ساڵی رابردوو ٥٣ کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کرێکاریش بریندار بوون کە لەم ٢٥ کەسە ،١٣ کەس لە هەولێر، ١٠یان لە دهۆک، یەکێکیان لە سلێمانی و کرێکارێکیش لە زاخۆ بووە ".
 
عەبدولقادر ناوپردانی لەمبارەوە وتیشی" ساڵی رابردوو زۆرترین کرێکار لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە کە ٢٤ کرێکار بوون، پاشان لە هەولێر ١١ کرێکار، لە گەرمیان ١٠ کرێکار، لە دهۆک ٧ کرێکار و لە زاخۆ کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە، بە وتەی عەبدولقادر ناوپردانی، لە هەڵەبجە و سۆران هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەستنەداوە".
 
بە گوێرەی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەو ٢٤ کرێکارەکەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، ١٦یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و هەشتیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون، و لە ١١ کرێکارەکەی هەولێر شەشیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و پێنجیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون. لە گیانلەدەستدانی ٧ کرێکاری دهۆک شەشیان خەڵکی نێوخۆ و یەکێکیان خەڵکی پارچەکانی دیکە و دەرەوەی کوردستان بوون، ئەو کرێکارەشی لە زاخۆ گیانی لەدەستداوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە.
 



AM:11:29:07/01/2024