قوباد تاڵەبانی: پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی یەكێتییە

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت" پارێزگاری كەركوك مافی یەكێتییە بەپێی ئەو دەنگانەی بە دەستیهێناوە، پێویستە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك یەكهەڵوێست بن". 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە میانی راگەیاندنی دەستپێشخەری سمارت سولی لە سلێمانی، سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" هیوادارین ئەمساڵ شتێک نەمێنێت بە ناوی کێشەی مووچە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمەش پەیوەندی نێوان هەردوولا باشە و گفتوگۆکان بەردەوامن". 

لەبارەی مامۆستایانی ناڕازی، قوباد تاڵەبانی وتی" لە ناڕەزایەتییەکانیان تێدەگەین، ئەمڕۆش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە داواکارییەکانیان، ئێمە ئەو بڕیارە بە درووستدەزانین". 

وتیشی" هەوڵدەدەین ئەو سێ مووچەیەی ساڵی رابردوو نەدراوە، نەفەوتێت چونکە ئەوە مافی مووچەخۆرانە و دەبێت وەریبگرن". 

لەبارەی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، تاڵەبانی ڕاشیگەیاند"  یه‌كێتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە مافی خۆی دەزانێت و دەبێت سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن".

بۆ بینینی ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە کلیک لەم لینکە بکە


PM:06:55:07/01/2024