هەشت هاوڵاتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای زیندانی درێژمەودایان بەسەردا دەسەپێنرێت

هەشت هاوڵاتی کوردی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێلوڕان و دەڕەشار لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکیشان سزاکەیان بریتییە لە دوخستنەوە بۆ زیندانەکانی زاهیدان، مەشهەد و کرمان.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌" سێ هاوڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەمەد حەسەن حاسڵی کە لە رەوتی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەرکرابون، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام، هەرکام سزای ١٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا، بەپێی سزاکەیان ئەو سێ کەسە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد دور دەخرێنەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە عەزیم یادگاری و سەعدوڵا ئایینی، دو هاوڵاتی خەڵکی دێلوڕان هەرکام سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینیش دو هاوڵاتی دیکەی خەڵکی دێلوڕان و دکتۆر بەختیار محەمەدزادە خەڵکی دەڕەشار هەرکامیان سزای دو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو راشیگەیاندووە" هەمو سزادراوەکان بێجگە لە چاوەران، ساڵی رابردو هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە مەرگی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرابون، چاوەرانیش لە مانگی ٤ی ئەمساڵ لە کاتی هەوڵی ڕۆشتنە دەرەوە لە ئێران دەستگیرکرابوو ولە دەورەی دەستبەسەربوونیان لە چەند کاتدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو".

وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەمەد حەسەن حاسڵی، سێ هاوڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون ئه‌وانی دیكه‌ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکراون.



AM:12:03:10/01/2024