عێراق داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەکات بۆ مووچە پێدانیان

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ رەوانە بکەن تاوەکو بۆ مانگی کانوونی دووەم و مانگەکانی دواتر پشتی پێ ببەسترێت بۆ پارەدارکردنیان.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ٢٠٢٤/١/١٦ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتەکانی حکومەتی ناوەند و دەزگاکانی تر کراوە و تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و هاوشێوەی سەرجەم دامودەزگاکانی تری عێراق داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم کراوە لیستی خەرجی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بۆ مانگی کانونی دووەم و مانگەکانی دواتر بدەنە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەت یان گەنجینەی پارێزگاکان بەمەبەستی تەمویلکردنی مووچە تا ئەوکاتەی خشتەی نوێی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ لە هەردوو ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران پەسەنددەکرێت.



PM:11:29:17/01/2024