نوێترین بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، "داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان کردووە بەمەبەستی ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک خۆی بنێرن بڕەکەی هەرچەند بێت".

ئەمرۆ پێنج شەممە ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "داوای لیستی مووچەی هەرێمیان کردووە، بەڵام هێشتا وەک خۆی بەدەستیان نەگەیشتووە و کەموڕکوڕی تێدایە".

باسی لەوەشکرد، دوای ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم، بڕی پارە و مووچەکە هەرچەند بێت ١٠٠٪ دابینی دەکەن و سەرجەم مووچەی مووچەخۆران دەنێرن.

وەزیری دارایی عێراق بە سروە عەبدولواحیدیشی وتووە چاوەڕێی ناردنی تەواوی دۆسیە و لیستی مووچەخۆرانی هەرێمن و هەرکات گەیشت تا کاتی هەمواری یاسای بودجە دەستبەجێ پارەی مووچە رەوانەی هەرێم دەکەن و بڕی پێویستی پارەکەش بەپێی لیستی مووچە هەرچەند بێت لە ئەستۆی دەگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە تائێستا مووچە خۆرانی هەرێم مووچەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤یان وەرنەگرتووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ش مووچەی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢یان فەوتاوە کە دەکاتە سێ مانگ.



PM:08:20:18/01/2024