وەزارەتی ناوخۆ شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە بە هۆی نوێکردنەوەی سیستمەوە، دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارەکان ڕادەگیرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نوێدەکرێتەوە کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی هەندێ وردە کێشەی تەکنیکی و خێراترکردنی کاروباری هاوڵاتییان".

ڕاشیگەیاند" بە هۆی ئەو نوێکردنەوەیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی کانونی دووەمی٢٠٢٤ سەردانی بەشی مۆڵەت نەکەن، چونکە ئەو ڕۆژە بە تەواوی بۆ نوێکردنەوەی سیستم تەرخان دەکرێت".

ڕوونیشیکردەوە کە پێنجشەممەش ڕێکەوتی ٢٥ی کانونی دووەمی٢٠٢٤ ئەوانەی لە دەرەوەی شارەکان دێن، تکایە بۆ هەفتەی داهاتوو کارەکانتان ڕابگرن نەوەکو نوێکردنەوەی سیستمەکە پێویستی بەکاتی زیاتر هەبێت. وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو کە تیمەکانیان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ کە ڕۆژی پێنج شەممە کاروباری خەڵک ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەو هاوڵاتیانە ناگرێتەوە کە تاقی کردنەوەی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە بڕیاری دووهێندەبوونی سزاکانی هاتوچۆ کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو بڕیاری لەسەر درا هەڵوەشاوەتەوە و دووهێندەبوونی سزاکان راگیراون.




PM:02:41:22/01/2024