سەرۆکی پێشوی هەواڵگری ئیسرائیل زانیاری دەربارەی بوونی بنکەیان لە هەرێم ئاشکرا دەکات .. هەرێم ڕەتی دەکاتەوە

سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل رایگەیاند، "گومانی هەیە لەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بنکەی هەواڵگری هەبێت، ئێرانیش ئەو وتانە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی وا نیشانی بدات، کە تۆڵەی لە ئیسرائیل کردوەتەوە، بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کرایە سەر راوێژکارە سەربازییەکانی". بەرامبەر ئەم تۆمەتبارکردنەش لە ڕۆژی ١٤ی کانونی دووەمەوە هەرێم بەبەردەوامی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێ شەمە ٢٣ی کانونی دوومی ٢٠٢٤، ئەفرایم هالیڤی سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل مۆساد بە رادیۆ فرادای راگەیاند، "دڵنیایەکی راستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە لە هێرش و بۆردومانەکانی دیمەشقی پایتەختی سوریاوە نەدراوە، بۆیە ناتوانرێت، ئیسرائیل پەیوەندیدار بکرێت بەو هێرشانەوە یاخود دوربخرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، ئیسرائیل لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەتی بڕیاریداوە، دان بە هیچ کام لە هێرشەکانیدا نەنێت یاخود بەرپرسیارێتییەکەی هەڵنەگرێت، ئەوەش سیاسەتێکی قبوڵکراوە بەڕای ئەو.

ئەفرایم هالیڤی باسی لەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بە راستەوخۆ رایدەگەیەنێت کە ئیسرائیل پەیوەندی هەیە بە هێرشەکانی دیمەشقەوە، پێشتریش هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و وتی "بنکەی مۆساد"ی بە ئامانج گرتوە.

سەرۆکی پێشوی دەزگای مۆساد ئەوەشی ئاشکرا کرد، گومانی هەیە لە بونی بنکەی مۆساد لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ئیسرائیل هەرگیز نەیوتوە کە بنکەی لەو شوێنانە هەیە، بۆیە ئێران ئەو وتانە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بە گەلەکەی بڵێت، تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەنەوە، بۆیە ئەو زانیارییانە ناڕاستە.

لەشەوی ١٤ لەسەر ١٥ی مانگی کانونی دووەمی سوپای پاسدارانی ئێران بە ١١ موشەک بۆردومانی چەند ناوچەیەکی شاری هەولێری کرد و بەهۆیەوە، دە هاوڵاتی بوونە قوربانی.

یەکێک لەو شوێنانەی لەلایەن ئێرانەوە بۆردومانکرا ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەدار و کەسایەتی ناوداری شاری هەولێر بوو، بەهۆی بۆردومانەکەشەوە پێشڕەو دزەیی و کچە تەمەن یەک ساڵەکەی شەهیدبوون، هەروەها ژنەکەی و کوڕەکەشی بە سەختی برینداربون.


PM:03:52:23/01/2024