بەرپرسی ژووری بازرگانی هەولێر: کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن تورکیا کاری حکومەتە


بەرپرسی ژووری بازرگانی هەولێر کە بە خاوەنی بیرۆکەی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانییە،  رایەکی جیاوازی لەسەر بۆردومانی تورکیا و کردنە ئامانجی هاوڵاتی سڤیڵ هەیە.

لە میانەی بەرنامەیەکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی،   گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی  هەولێر رایدەگەیەنێت" داواكاری ئێمە بۆ بایكۆتی كاڵای ئێرانی هەڵوێستێكە بەرامبەر شەهیدبوونی ئەندامێكی چالاكی ژووری بارزگانی هەولێر".

لە بارەی كوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە كە بۆچی ئەو هەڵوێستە بەرامبەر بەتوركیا نانوێنین،  گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی  هەولێر دەڵێت" ئەوە بابەتێكی سیاسیە و حكومەت دەبێت لەڕێگای كەناڵی دیبلۆماسی خۆیەوە چارەسەری بكات. ئەوەی كە شەهید بووە بازرگانێكە و ئەندامی ژووری بازرگانیە بۆ ئەو مەبەستە داوامان لەهاوڵاتیان و بازرگانان كردووە كەبایكۆتی كاڵای ئێڕانی بكەن".

ئەو دەشڵێت" سبەی بەبۆردومانی توركیاش بازرگانێك شەهید ببێت هەمان هەڵوێست دەنوێنین و داوای بایكۆتی كاڵای توركیا لەبازرگانان و هاوڵاتییان دەكەین".

" بۆ ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیانی سڤیلیش بێگومان ئێمە پێمان ناخۆشە و دڵتەنگ دەبین، بەڵام وەك ژووری بازرگانی ئەركی ئێمە نییە، ئەركی ئێمە بەرگری كردنە لەبارزگانان لەهەركوێیەك هەبێ. كوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل ئێمە وەك هاوڵاتی و لایەنی مرۆڤایەتی پێمان ناخۆشە و ئیدانەی دەكەین، بەڵام كاری ژووری بازرگانی نیە هەڵوێستی لەسەر بنوێنێ، بەڵكو كاری ژووری بازرگانی بەرگریكردنە لەبازرگانان و پیشەوەراونە".( گەیلان حاجی سەعید دەڵێت).

کۆتایی هەفتەی رابردوو بەرامبەر بۆردومانی ماڵی هاوڵاتی پێشڕەو دەزەیی و گیان لە دەستدانی چوار هاوڵاتی، ژووری بازرگانی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان کرد بایکۆتی کاڵای ئێڕان بکەن. 



PM:07:42:23/01/2024