لە رێگەی درۆنەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر

گروپە چەکدارەکانی عێراق لە رێگەی درۆنی بۆمبرێژکراوەوە هێرشێکیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هەریر کرد، کە تایبەتە بە هێزە ئەمریکییەکان و هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارەکانی سەر بە "المقاومه‌ الاسلامیه‌ فی العراق" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبرێژکراوەوە هێرشێک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هەریر کرا، کە دەکەوێتە دوری ٣٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر.

ئەو بنکە سەربازییەی لە ناحیەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، کە لەلایەن گروپە چەکدارە عێراقییەکانەوە بە درۆن هێرشیکراوەتە سەر، تایبەتە بە هێزە ئەمریکییەکانی و هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هاوکات، لە بەر بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر دوو بارەگای ئەمنی تایبەت بە حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و پارێزگای بابل.



PM:05:06:24/01/2024