ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێن'' لە سەردانی نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ بەغدا جەختمان لەسەر داواکارییەکانی ئێوە کردۆتەوە، کە خۆی لە دەرهێنانی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشمەکێشمی سیاسی، دامەزراندنی وانەبێژان، گێڕانەوەی موچە فەوتاوەکان و پلەبەرزکردنەوەدا دەبینێتەوە و دەشڵێن" ڕۆژی یەك شەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن".
ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكرێت تەنها خۆپیشاندانی فراوان و بایكۆتمان وەك ڕێگایەك بۆ گەیاندنی پەیامەكان هەڵنەبژاردووە، بەڵكو پەنامان بۆ چەندین ڕێگا و بژاردەی تر بردووە لەو چوارچێوەیەشدا بەغدایان وەك لایەنێكی گرنگی چارەسەركردنی كێشەكان سەیر كردووە.
ڕاشیانگەیاندووە" لەدادگای فیدڕاڵی دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوە سکاڵامان تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامەکانین".
ڕوونیشیان كردۆتەوە" شاندێك لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شار و شارۆچكەكان ڕەوانەی بەغدا كرا و ئامانجی سەردانەکانمان بۆ بەغداد ڕوونکردنەوەی کێشەکان و خستنەڕووی چارەسەرێکە بۆیان، كە جەختمان لەسەر داواکارییەکانی ئێوە کردۆتەوە کە خۆی لە دەرهێنانی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشمەکێشمی سیاسی، دامەزراندنی وانەبێژان، گێڕانەوەی موچە فەوتاوەکان و پلەبەرزکردنەوەدا دەبینێتەوە".
" هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و خستنی مووچەی هەرێم بۆ سەر نەفەقاتی حاکیمە بەچارەسەر زانرا لەم ڕووەوە تەواوی ئەو کوتلە و لایەن و کەسایەتییە عێراقییانەی دیدارمان لەگەڵ سازکردن بەڵێنی پشتیوانیکردنیان پێداین بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاساکە بەوجۆرەی، کە پێویستە بۆ رزگارکردنی فەرمانبەرانی هەرێم".(ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وایان وت).
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم بڕیاریداوە" بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە سەردانەکانی بۆ بەغداد و لۆبیکردن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە و جێگیرکردنی شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم وەک مافێکی پیشەیی دوور لە سیاسەت''.
جەختیشی كردۆتەوە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئێوە لەسەرجەم شارەکانی هەرێم و خۆڕاگریتان لەبەردەم فشارە نایاساییەکانی دەسەڵات نزیکترمان دەکاتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و کۆتایهێنان بەو یارییە بێ مانایەی ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بە ژیان و قوتی فەرمانبەرانی هەرێمی دەکەن.
ئاشكراشی كردووە، ڕۆژی یەک شەممە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ خۆپیشاندانی فراوان لەسەر جەم شار و شارۆچکەکان ڕێکدەخریت و درێژە بە بایکۆت و خەباتی مەدەنی دەدەین.