فلای بەغداد سەرجەم گەشتەکانی تا کاتێکی نادیار ڕاگرت

کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای دارایی بەسەردا سەپێندرا، لە ئەمڕۆوە سەرجەم گەشتەکانی تا کاتێکی نادیار ڕاگرت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێڵی ئاسمانی فلای بەغداد، کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ی کانوونی دووەم کۆمپانیای فلای بەغداد سەرجەم گەشتەکانی تا کاتێکی نادیار ڕادەگرێت. 

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش هاتووە" لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەرچی گەشتەکانمانە ڕایدەگرین تائەو لیژنەی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کار و چالاکی و گەشتەکانی و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ کۆمپانیاکەمان". 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا فلای بەغداد هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە ئەوان هەموو گەشتەکانیان ڕاگرتووە. 

ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەهۆی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و دۆلار و موشەک  بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و هاوكاریكردنی سوپای پاسداران و گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سوریا و لوبنان، سزای بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد سەپاند.


PM:06:40:25/01/2024