کۆبوونەوە سەربازیەکانی ئەمەریکاو عێراق دەستپێدەکەن


دوای ئەو هەموو هێرشانەی گرووپە چەکدارەکان دەیکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و، وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ ئەو هێزانە، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند" لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای سەربازی عێراقدا لە ئەمریکا کۆدەبنەوە بۆ گفتگوگۆکردن لەسەر هەڕەشەکانی داعش و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزە عێراقییەکان".

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند" بە مەبەستی دووپاتکردنەوەی پاراستنی سەقامگیری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا لە واشنتۆن تیمێکی  باڵای سەربازی هەردوولا کۆدەبنەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا راشگەیاند" لە کۆبوونەوەکەیاندا دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی عێراق و چالاکییەکانی گروپەچەکدارە لە یاسا دەرچووەکان تاوتوێ دەکەن".

دەشڵێت،'' سەربازەکانمان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەدان لە چوارچێوەی ئەرکە سەربازییە هاوبەشییەکانیاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لە ناوچەکەدا''.

باس لەوەش دەکات، جەخت لەسەر پابەندبوونیان دەکاتەوە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکانیان بۆ پێشخستنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیاندنێکدا پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرا کرد.

ئەرکی ئەو لیژنەیەش وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەبێت".
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت"دەست دەکرێت بە پەیوەندیی دووقۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان. پەیوەندییەکە سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازی دەبێت بە جۆرێک لەگەڵ تێڕوانینی حکومەتی عێراق بگونجێت، بەتایبەت رێککەوتننامەی ستراتیژی کە گشت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا رێکدەخات؛ رۆڵیشی دەبێت لە تۆکمەکردنی رۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەغدا و واشنتن پشتیوانی کارەکانی لیژنەکە دەکەن و کارەکانیشی ئاسان دەکەن و دەشڵێت، "عێراق پابەندبوونی بە سەلامەتیی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەماوەی وتوێژەکاندا لەهەموو وڵات دووپات دەکاتەوە. عێراق پارێزگاری لە سەقامگیری دەکات و رێگە لە زیادکردنی گرژییەکان دەگرێت."
 

 

 




PM:07:26:25/01/2024