وەزارەتی پەروەردە داوای نوێکردنەوەی زانیاری مامۆستایانی وانەبێژ دەکات

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم داوای نوێکردنەوەی زانیاری مامۆستایانی وانەبێژ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، "لە ھەنگاوی داھاتوویاندا تەنھا کار بەو داتایانە دەکات کە بوونەتە بنەمای مامۆستایانی وانەبێژ".

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، تێیدا ھاتووە، "لە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە تا ٨ ی شوبات، پێویستە زانیاری مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەناو سیستمی (ئی-پەروەردە)دا بە دروستی تۆمار بکرێت و تازە بکرێنەوە".

باسی لەوەشکردوە، وەزارەتی پەروەردە بۆ ھەر ھەنگاوێک لە قۆناغی داھاتوویدا کار بەو داتایانە دەکات کە لەناو سیستمەکەدا تۆمارکراون، ھۆشداریش دەدات کە ھەر مامۆستایەکی وانەبێژ ناوی نەبێت لەناو سیستمەکەدا یان زانیارییەکانی ھەڵەبێت، بە مامۆستای وانەبێژ ھەژمار ناکرێت و وەزارەت پابەندی لە بەرامبەریدا نابێت.




PM:07:50:25/01/2024