بەهۆی شەڕەچەقۆ پێنج گەنج دەبنە قوربانی

پێنج گەنج لە پیرمام بەهۆی شەڕەچەقۆ لە نێوانیاندا گواسترانەوە نەخۆشخانە و دوو لەو بریندارانە بەهۆی قورسی برینەکەیان دەنێردرێن بۆ هەولێر.

د.کامەران عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پیرمام رایگەیاند" پێنج کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکەیان بە چەقۆ برینداربوون و دوو لەوانەش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی هەولێر کراون".

کامەران عومەر وتیشی" دوو لەوانەی بریندارن، چەقۆ بەر سنگ و سەریان کەوتووە و نێردراون بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر، یەکێکی دیکەیان بڕیارە گواستنەوەی بۆ بکرێت، ئەوانی دیکە هەر لە نەخۆشخانەی پیرمام چارەسەریان بۆ دەکرێت".

بەوتەی د. کامەران عومەر، سەرجەم بریندارەکان مەترسییان لەسەر نەبووە، بەڵام بۆ دڵنیایی و پشکنینی زیاتر رەوانەی هەولێر کراون.

موقەدەم زانا بەهرام، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی پیرمام رایگەیاندووە" رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەیە، ئەوان پێنج گەنجن شەڕیان کردووە و هەموویان دەستگیرکراون".



AM:12:02:01/02/2024