پلاسخارت: بەغدا پیویستە پارەی زیاتر و بەردەوام بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت

جێنین پلاسخارت هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی عێراق دەات و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بە هۆکارێکی تری تێکچوونی سەقامگیری ناوچەکە ناودەبات، هاوکات پشتیوانی لە هەنگاوی پارەدارکردنی هەرێم دەکات لەلایەن عێراقەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران.

جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند" ئاسمانی عێراق بە بەردەوامی دەبەزێنرێت و پێشێلکاری بەرامبەر دەکرێت، بەهۆی هێرشی درۆنی فڕۆکەوە مەترسی تێکچوونی سەقامگیری لەو وڵاتەدا هەیە،ئەم هێرشانە سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن، لە هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر چەد کەسێک کوژراون کە یەکێکیان منداڵە، ناردنی پەیام لە ڕێگەی بۆردومان و هێرشەوە تەنها دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و کوژران یان برینداربوونی خەڵک و لەناوبردنی موڵک و ماڵی خەڵک''.

پلاسخارت پێشوازی لە بڕیاری ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم کرد لەلایەن بەغداوە و ئاماژەی بەوەدا، بەغدا پیویستە پارەی زیاتر و بەردەوام بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، لەهەمانکاتیشدا هۆشداری بە حکومەتی هەرێم دەدات و دەڵێت" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی کەس نییە و سەقامگیری ناهێنێتە ئاراوە، بەڵکو زیاتر دۆخەکە ئاڵۆز دەکات".

جێنین پلاسخارت راشیگەیاند" عێراق لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەنگاوی باشی ناوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەکان، بەردەوامیش هەوڵ دەدات بۆ ئامانجی باشتر و سەقامگیری زیاتر، پرۆژەکانی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە یەکێکن لەو هەنگاوانەی عێراق بەرەو پێشتر دەبات، پێویستە پشتیوانییان لێبکەین و هەوڵی ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بدرێت لە عێراق بۆ گەنجەکانی".

نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی داهاتووی خۆی لە عێراق وتی" لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکەم دێت لە عێراق و ئەوەش کۆتا راپۆرتی من دەبێت بۆ ئەم ئەنجوومەنە لەسەر عێراق''.



PM:07:00:06/02/2024