مەسرور بارزانی: هیچ کاتێک داوای کشانەوەی ئەمەریکامان نەکردووە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ( ماوە بۆ درێژکراوە) رایگەیاند" سوپای ئەمەریكا زۆر پشتیوان و هاوكاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان پێویستە، هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكامان نەكردووە."

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ناسراوی ئەمەریکی NBC  مەسرور بارزانی دەڵێت" سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی و ئابووریی و سیاسیەوە، چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە و بۆیه‌ پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە."

سەرۆک وەزیران ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێویستیان بە هاوكاری زیاتری ئەمەریكایە و مەبەستیان ئەوە نییە پێویستیان بە سەربازی زیاترەو دەڵێت" نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازی زیاترە بۆئەوەی توانای سەربازی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان خەڵكی خۆمان بكەین بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن."

"زیادبوونی هێرشی درۆن و مووشەكەكان، ئاماژەیەكی روونە، شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە دەستیپێكردووە. هەرێمی كوردستانیش بەدەر نیە لە ئاگری ئەم شەڕە. هەرچەندە هەرێمی كوردستان هیچكات نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی و هەمووكات فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكە". ( مەسرور بارزانی دەڵێت ).

مەسرور بارزانی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوە دەكات، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوونەتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمەریكیین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە تووشی كێشە بوون. بەڵام سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ سوودانی نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.



PM:08:59:08/02/2024