تورکیا پێگە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان تۆکمەتر و فراوانتر دەکات

تورکیا بەم زستانە کە کارکردن لە ناوچە سنورییەکان تیایدا زەحمەتە، خەریکی راکێشان و دروستکردنی رێگای نوێ و بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانیەتی بەیەکەوە لەناو قوڵایی خاکی هەرێمدا.

کامەران عوسمان - ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقCPT دەڵێت" دەوڵەتی تورکیا لە گاشەبەرد و تاوێرەکانی زناری کێستە و مەلا ڕدی و کەفرە سۆر لە ناحیەی کانی ماسێ ڕێگای سەربازی دروستدەکات".

لە نووسینێکدا کامەرانی عوسمان دەڵێت " لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە، سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕین و کەستاڕەی لە پشتی گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دروستکردووە. ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت و بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو کارگەی هاڕین و کەستاڕەوە ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی ڕێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ڕێگاکە ٩ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری ڕێگا و بانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی حەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە.

ئەندامی تیۆمی ئاشتی کە رێکخراوێکی ئەمەریکیەو چاودێری مافی مرۆڤ و ئاوارە دەکات، دەڵێت " سوپای تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەورە بروسکەی ڕاگەیاند و لەماوەی یەک هەفتەدا چوار بارەگای سەربازی لە گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێ دروستکرد. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابیندەکرد. لە دوای تەواوکردنی ئەو ڕێگا سەربازییە، چیتر دەوڵەتی تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا. هەروەها جارێکی تر گێڕانەوەی ئەو گوند و شاخ و چیا و دۆڵانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەستەم دەبێت".

پڕۆژەی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ لەدوای دروستکردنی ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازیی بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کۆتاییپێهات.
کامەران عوسمان

ئەم وێنانەی خوارەوە، لەکاتی کارکردنی سوپای تورکیا لە دروستکردنی ڕێگا سەربازییەکانی گوندی کێستە لە مانگی شوباتدا گیراون.



PM:05:07:12/02/2024