ڤیدیۆی شەڕێکی قورس لە ئامێدی لە نێوان گەریلا و سوپای تورکیا

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٤ ی شوبات لە ناوچەی ئامێدی شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا روودەدات و دوای شەڕەکە فڕۆکەی تورکی بۆردومانی ناوچەکە دەکات.

پەیامنێری " سپی " لە ناوچەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە شەڕەکە لە بەرزاییەکانی گوندی سگێرێ دروستبووە کە دەکەوێتە سەر رێگای شیلادزێ و ئامێدی و، شەڕەکە زیاتر لە نیو کاتژمێری خایاندووە.

لەو شەڕەدا هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووکی تێدا بەکارهێنراوە، بەلآم تا ئێستا زیانەکانی هەردوولا نەزانراوەو دیاریش نییە کە کام لایەن هێرشی کردووە، هەرچەندە لە کەشی باراناوی و بەفردا لە زۆربەی کاتەکاندا گەریلاکانی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی سوپای تورکیا.  

دوای بێدەنگبوونی چەکەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گەیشتنە سەر ئاسمانی ناوچەکەو بۆردومانی ناوچەی سەرگەلێ و چیای مەتینیان کرد.

لە زستانی ئەمساڵدا گەریلاکانی پەکەکە لە چەند هێرشێکدا بۆ سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە قوڵایی خاکی هەرێم ئاماژە بۆ کوژرانی زیاتر لە ٦٠ سەربازی تورکیا دەکەن، هەرچەندە سوپای تورکیا رایگەیاند کە لە دوو شەڕدا ٢١ سەربازیان کوژراوە. کوژرانی ئەم سەربازانە لە میدیا جیهانییەکان و بەتایبەتی تورکیەکاندا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە لێرەوە جۆینی تێلگرامی سپی بکە..



PM:06:41:14/02/2024