بەهۆی لافاو و باران هاوڵاتیان لە چەند ناوچە و شاری هەرێم زیانیان بەرکەوتووە

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی کە چەند رۆژە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە زۆرێک لە هاوڵاتیان لە چەندین ناوچە و شارەکانی هەرێمی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی ده‌ڵێت، به‌هۆی بارانبارینه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ تۆڕ و فیده‌ره‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با گه‌یشتووه‌".

شەوی رابردوو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی تەرزە و بارانبارین و هاتنی لافاوەوە زەرەر و زیانی زۆر بە هاوڵاتییان گەیشتووە. 

بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی قەزای کەلار و ناحیەی رزگاری بەهۆی لافاوەکەوە ژێر ئاو کەوتن و خانو و ماڵەکانی ئەو گەڕەکانە بەتەواوی لافاو دایپۆشین. 

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومیی قەزای کەلار، شەوی رابردوو زیانی ماددی زۆر بە هاوڵاتییان گەیشتووە، بەڵام تا ئێستا بەهای زیانەکان نەخەمڵێنراوە.

پەیامنێری سپی ئاماژەی بەوەداوە کە لە چەند گەڕەکێکی  سلێمانیش ئاو چوووەتە ناوماڵی هاوڵاتیان و زەرەری زۆری پێگەیاندوون و هەروەها باغەکانی سیتەکیش پڕبوون لە ئاو و زەرەر بە ماڵ و باغی هاوڵاتیان گەیشتووە.

لە لایەکیترەوە ئەندازیار ئەنوەر حه‌مه‌ سەعید بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،" بەهۆی ئەو بارانە بە لێزمەیەی لە دوێنێ پێنجشەممەوە سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە، زیانی زۆری بە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا گەیاندووە و شۆرتێکی زۆر دروست بووە و چەندین هێڵی گواستنەوەی تەوژم بەرز لەکارکەوت".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند" زیاتر لە ٣٥ فیدەری دابەشکردنی کارەبا لە ناو شار و دەرەوەی لەکار کەوتوون.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سەرجەم تیمەکانی چاکسازیی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا و سیانەکان لەکاردان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

رۆژی پێنج شەممە وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتی" زیاتر لە ١٦ ئۆتۆمبێلمان لە شۆڕش و ١١ ئۆتۆمببێلیش لە سەیداوە لەژێر ئاو دەرکردووە و نزیکەی ٣٥ بۆ ٤٠ ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان گیریان خواردووە."

بە پێی زانیارییەکان بەهۆی باران بارینی بەهێز و بەردەوام، ئەمشەو لەناوچە جیاوازەکانی هەرێم کوردستان پێنج پرد بەهۆی لافاوی بەهێزەوە داڕوخان و ئاو بردنی، کە بریتین لە: 

ــ پردی ئاڵیاوا لە ناحیەی قادر کەرەم کە ڕێگای نێوان ناحیەکەو قەزای جەمچەماڵ بوو، هاوکات پردەکە ناحیەی قادرکەرەمیش بە تەکیەی جەبارییەوە دەبەستێتەوە.

ــ پردی تەڕەمارە کۆن لە ناحیەی پیرەمەگرون، کە ڕێگای ڕێگای کۆمەڵێک گوندی بەسەرەوەیە بۆ ناحیەی پیرەمەگرون.

ــ پردی " تۆڤگە" لە سنووری ناحیەی مەیدان.

ــ پردی گوندی " عەولا قوت" لەناحیەی ڕزگاری.

ــ پردی گوندی پوقە لە ناحیەی ڕزگاری.






PM:01:47:16/02/2024