سەعدی پیرە: تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە هاوکاریکردنی پەکەکە بێ مانا و بەهانەیە

وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند" تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و یەکیتی نایەوێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ"، هەروەها ئەو تۆمەتانەشی بە " بێ مانا و بەهانە" وەسفکرد کە سەبارەت بە هاوکاریکردنی پەکەکە ئاڕاستەی حزبەکەی دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ  میدیای فەرمی حزبەکەی ڕایگەیاند" لەسەر راسپاردەی سەرۆك مام جەلال یەكێتی لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و سیاسەتە نێودەوڵەتییەكانیدا بایەخی زۆر بە جوگرافیا دەدات، چونكە جوگرافیا نەگۆڕ‌ە، هەربۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەرچۆنێك بێت دواجار دراوسێمانە و دەوڵەتێكی گەورەیە لەناوچەكە''.

وتیشی" یەكێتی نایەوێت هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێی، ئەو تۆمەتانەشی لەبارەی هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاڕ‌استەی یەكێتی دەكرێن بەهانەی بێماناو بێبەهان، چونكە شەڕ‌ دژی توركیا لە سنووری دهۆك و ئامێدییە، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند" توركیا تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە لەناو شارەكانی خۆیدا چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا بكات، چۆن دەتوانێت داوای چارەسەر لە هەرێمی كوردستان بكات، لەكاتێكدا حكومەتی توركیا توانای ماددی زۆرو جۆرەها چەكی پێشكەتوو و بەكارهاتووی هەیە".

وتەبێژی یەكێتی دەڵێت" یەكێتی بانگهێشتی (پەكەكە)ی بۆ هەرێمی كوردستان نەكردووە و پێمانخۆش نییە هیچ هێزێك هەبێت لەدژی وڵاتانی دراوسێ و توركیا چالاكی بكات و بگەڕ‌ێتەوە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە شەڕ‌و روبەڕ‌وبوونەوە بژاردەیەكی سەركەوتوونییە، بۆیە توركیا دەتوانێت بەرێگەیەكی دیكە كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا چارەسەر بكات".

سەبارەت بە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیادا، پیرە رایگەیاند" قوباد تاڵەبانی بە هاكان فیدان-وتووە، ئامادەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ توركیادا، بەڵام ئێوە داوای شتێكمان لێدەكەن كە بوونی نییە و سنوورو ناوچەی دەسەڵاتی ئێمە لەتوركیاوە دوورەو یەكێتی هێزی نەناردووەتە سەر توركیا و دوژمنایەتی ناكات، چونكە سوودی بۆمان نییە".


PM:05:47:19/02/2024