شاخەوان عەبدوڵا: لەگەڵ یەکێتی کۆکین کوردێک بکرێتە پارێزگاری کەرکوک

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" كورد پێكەوە بە تایبەتی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوەن كوردێك بكرێتە پارێزگاری كەركووك".

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی ڕایگەیاند" لەم ھەفتەیە كۆبوونەوەیەك لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووك دەكرێت بۆ ئەوەی لایەنەكان رێبكەون و پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكرێتەوە، کوردەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی کۆکن لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکوک کورد بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەمیشە پۆستەکان لە کەرکووک بە" ئیستهقاقی قەومی" دەتوانرێت یەکلایی بکرێتەوە نەک حزبی،  وەک دیارە  لێرە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بەدەستهێناوە، دەمانەوێت پارێزگار کورد بێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویست بەوە دەکات لایەنە عەرەبی و تورکمانیش رازی بکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە پۆستەکان دابەش بکەین.

لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ، کە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی کۆتاییهات ، کورد لە پارێزگای کەرکوک توانی ٧ کورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی ببێتە زۆرینەی ڕەها بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن زیاتر لە ١٦ ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هەبوو، رێژەی بەشداریکردن گەیشتە ٤١%،  کە شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد،٧٠ پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر ٢٧٥ کورسی لە هەر ١٥ پارێزگاکە کرد.


PM:09:33:20/02/2024