سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەستی لەکارکێشایەوە

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەستی لە کاركێشایەوە لە جێگای ئەو کاندیدێکی ئێزدی پارتی وەک نوێنەری شنگال لە ئەنجومەنی پارێزگاکە دەستبەکاردەبێت. 

لەوبارەیەوە فارس بریفکانی سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" بەپێی ئەو پلانەی پارتی دایناوە دەیەوێ نوێنەرێکی شنگال بەشداربێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەبەر ئەوەیش ئەمڕۆ من دەست لەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەشکرد، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش پەسەندیکرد و سەرەتای هەفتەی داھاتووش ئەندامێکی دیکەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکار دەبێت". 

دەشڵێت" بەپێی ڕیزبەندی جەمال شەشۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان هەفتەی داھاتوو وەک ئەندامی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەستبەکار دەبێت و دەست بە ڕێکارەکانی دەست بەکاربوونی دەکرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو ھیچ نوێنەرێکی شنگال بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرنەکەوت پارتی بڕیاریدا جەمال شەشۆ وەک کوردێکی ئیزدی و نوێنەری شنگال لە ئەنجوومەنی پارێزگا کار بکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی دەڤەری شنگال.


PM:11:05:22/02/2024