ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مه‌سرور بارزانی و بلینكن بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی (ماوە بۆدرێژکراوەی) کوردستان لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. 

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم له‌گەڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا کۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، هەروەها هەرێمی كوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کران. 

هەروەها لای خۆشیەوە مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند" هه‌رێمی كوردستان به‌ شانازییه‌وه‌ خۆی به‌ هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێت و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ قۆناغی سه‌ختیان بڕیووە و هه‌رێمی كوردستانیش رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری زۆر بووه‌ته‌وه‌". 

هەر لەبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمریکا هاوبەشییەکی دور و درێژی لەگەڵ هەرێم هەیە و ئەو هاوبەشییەش لە بەها و بەرژەوەندی و مێژوودا خۆی دەبینێتەوە و پشتیوانییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت و دانابڕێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ بووە لە سەقامگیری ناوچەکە و تەندروستی کەرتی تایبەت بە تایبەتی لە وەبەرهێنانە ئەمریکییەکان، هەروەها ئەوەی بە لای واشنتنەوە گرنگە یەکێتی لایەنە کوردییەکانە.

دوێنێ یەکشەممە مەسرور بارزانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەمریكا و بڕیارە لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات. 
 
هەروەها شاندی هەرێم پێکهاتوون لە شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژکاری سەرۆک وەزیران و تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا و چەند راوێژکارێکی دیکە. 


PM:08:44:26/02/2024