لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاسبکارێک کوژرا

کاسبکارێکی لاوی خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە باوکی سێ منداڵە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ سێشەممە کاسبکارێک بە ناوی کاوە سەڕاف لە نزیک گوندی ساوانی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ڕاوەدوونانی ئۆتۆمبێلی کاسبکارەکە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لەو کاسبکارە کردووە و کوشتوویانە.

کاوە سەڕاف خەڵکی گوندی گوڕە شێرە و دانیشتووی شارۆچکەی میراوای شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵ بووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا (١٠)کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، نزیکەی (٩٠) کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.


AM:11:18:28/02/2024