دادگای فیدراڵی: ئەو پارەیەی هەرێم وەک قەرز وەریگرتووە هەمووی نەیداوە بە مووچەخۆران

دادگای فیدراڵی راگەیاندنێکی لەبارەی ناوەرۆکی بڕیارەکەیەوە لەبارەی مووچەی هەرێمەوە بڵاوکردەوەو دەڵێت " دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی عێراق مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و نابێت جیاکاری بکرێت لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق بۆ پێدانی مووچە". هاتووشە " هەموو ئەو پارەیەی هەرێم وەک قەرز وەریگرتووە نەیداوە بە مووچەی فەرمانبەران".

ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق وردەکاری بڕیارەکەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی وەزارەتەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" حکومەتی فیدراڵی بڕە پارەیەکی بە قەرز بە حکومەتی هەرێم داوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023 دادەنرێت، کە هەموو بڕە قەرزەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ پێدانی مووچە لە هەرێم بەکارنەهێنرا.

هەروەها لە راگەیاندنەکەدا باس لەوە کراوە، کە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی سەلمێنراوە، کە فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان وەک هاوتاکانیان لەناو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی بە بەردەوامی مانگانە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمەش پێشێلکردنی بڕگەکانی مادەکانی (١٤، ١٦، و ٢٢-٣٦)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، و کە ئەم پێشێلکارییە دەبێت بە پێی دەستوور لاببرێن واتە لابردنی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگری لە هەر هاووڵاتییەک دەکەن لە بەهرەمەندبوون لە مافە دەستوورییەکانی.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، دەبێت بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکرێت و هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە مافە دەستورییەکانی هاوڵاتییان پێشێل بکات و خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دژی دەستور و یاسایە. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە مووچە دەبێت لە رێگای کارت و لە بانکە ناوەندییەکان سەرفبکرێت.

هەروەها هاتووە " دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێم گرفتەکانی بەردەم مووچە چارەسەربکەن و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێنەدراوە".

ئەمەش دەقی بڕیارەکەیە:
١- پابەندکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "بەبانکیکردن"ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی بۆ سەر بەغدا لە رێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
٢- ئەو مووچەیە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، کە لە یاسای بودجەی گشتی دیاریکراوە بۆ ئەمساڵ و ساڵانی دواتر.
 
٣- فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆیان هەیە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەن بۆ جێبەجێکردنی  بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی بۆ سەر بەغدا بەبێ گەڕانەوەی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
٤- دەبێت سەرجەم بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵ کارئاسانی بکەن بۆ پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان و گواستنەوەی بۆ سەر بەغدا و هەموو رێگە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی مووچەخۆران مووچەکانیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بەدەست بگات.
 
٥- دابەشکردنی ئەو مووچەیە لە رێگەی دەروازەکانی پاردەدارکردن دەبێت لە هەرێمی کوردستان یان ئەو بانکانەی کە لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە.
 
٦- بەرپرسی باڵای فەرمانگە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی دروستی ئەو زانیارییانە دەگرنە ئەستۆ، کە دەنێردرێت بەمەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و گواستنەوەی بۆ سەر بەغدا لە رووی ژمارە و پلە و بڕی مووچەکانیان.
 
٧- دەبێت ئەو لیستی مووچانە لەلایەن سەرۆکی باڵای دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرانی وردبینی دارایی، بەشی دارایی، توانای مرۆیی واژۆ کرابێت، تاوەکو حکومەتی فیدراڵی ئەو مووچانە خەرج بکات. 
 
٨- لە دوای بەبانکیکردنی مووچە، ئەو مووچانە دەدرێن و نابێت بە قەرز بدرێت.
 
٩- پێویستە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەرازووی پێداچوونەوە (خەرجی و داهات)ی مانگانە پێشکێشی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات لە مانگی دواتردا کاتێک داوای پارەدارکردن دەکات هاوشێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی.
 
١٠- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست کراوە بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵی، بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی، تاوەکو دواتر دیوانی چادێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە زانیارییەکانی داهاتدا دەکەن بەگوێرەی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی ٢٠٢٣ دا هاتووە. 
 
١١- پەیوەستکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەدان بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لەو هەژمارە بانکییانەی هەرێمی کوردستان بکەن، کە لە بانکی ناوەندی کراونەتەوە و وردبینی لە لیستی مووچەخۆراندا بکەن.   






 




PM:05:16:28/02/2024