دادگای فیدراڵی: فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی داراییدا بکەن

 دادگای فیدراڵی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە بڕیارەکانی ئەوان هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندن و هاوکات دەشڵێن" فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا بکەن".   

ئەمڕۆ سێ شەممە، جاسم عومێری سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند، "ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچن پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، بۆیە سەرجەم فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەن".

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی  دەشڵێت "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەرچوە، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی‌و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بەیەکلاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و سودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی‌و لێبڕینی موچەی هەرێم".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی:"سەلمێنراوە فەرمانبەران لەهەرێمی کوردستان مانگانە لەکاتی خۆیدا موچەکانیان وەرناگرن، ناکرێت فەرمانبەرێک لەناوەڕاست‌و باشوری عێراق هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا موچەکەی وەربگرێت، بەڵام فەرمانبەران لەهەرێمی کوردستان لەم مافەیان بێبەش بن".




PM:01:42:05/03/2024