لەبارەی هەڵبژاردنەوە، پارتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ ژمارەیەک حزبدا ئەنجام دەدات

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، پارتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە بینایەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر لەگەڵ سەرکردەی چەند حیزبێکی کوردستانیدا ئەنجام دەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەهەولێر بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاند" رۆژی ٦ ی ئازار لەسەر داوای مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ سەرکردەکانی حزبی زەحمەتکێشان، حزبی سۆسیالیست، حزبی شیوعی، پارتی کرێکاران و رەنجدەران، پارتی پارێزگاران، یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی سازکرد کە تەنها بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئاستی کەسی یەکەمدا بەشدار نەبوو، حزبەکانی تر لە ئاستی کەسی یەکەمدا بوون".

لەلایەن پارتیەوە فازل میران بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کەمال کەرکوک و پشتیوان سادق و جەعفەر ئێمنکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نوێنەرایەتی پارتیان کرد بوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەتا لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتوێژکراوە، بەو ئاراستەیەی ئایا هەڵبژاردن دەکرێت، گەر کرا ئەو لایەنانە بەشداری بکەن، یان بایکۆت بکەن.

لە تەوەرەیەکی تردا، نوێنەرانی پارتی لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کردووەو تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ئێران کاری ساختەکاری بۆ لایەنێکی سیاسی دەکات و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگۆڕێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامی هەڵبژادنەکان کراوە کە ئەگەر کاری ساختەکرا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبوڵ بکرێت، یان رەتبکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو کۆبوونەوەیەوە کە دزەی کردووە، پارتی بە ناراستەوخۆ داوای لەو حزبانە کردووە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ نەکرێت و هەڵوێستیان هەبێت، هەرچەندە زۆرینەی حزبەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان لەسەر هەڵسەنگاندنی خۆیان بڕیار لەسەر پەسەندکردن، یان رەتکردنەوەی ئەنجامەکان دەکەن.

رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی بڕیاری دا کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتا کە ١١ کورسی بوو هەڵوەشێنرایەوەو بڕیاردرا کە بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێتە فرەیی و لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، لەسەر ئەوانەشەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەکات، کە پێشتر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەیکرد.



PM:10:43:08/03/2024