وەزارەتی دارایی عێراق: چیدیکە بەبێ کردنەوەی هەژماری بانکی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرین

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا بە بێ کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی دەربارەی ناردنی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە،

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو" کە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بۆ مانگی ئازار بە بێ تەواوکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی، مووچە نانێرن".

وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیارێتی ڕاستی و وردیی ئەو زانیارییانەشی خستووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە لیستی مووچەدا بۆ بەغدای ناردووە و بەرپرسیاریشە لەوەی پارەکە بداتە مووچەخۆران.

هاوکات داواشی لە کۆمپانیای سۆمۆ کردووە لە ئاستی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ماددەکانی ١١ و ١٢ی یاسای بودجە ئاگاداری بکاتەوە کە تایبەتن بەو بڕە نەوتەی دەبێت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی بکات.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ کۆمپانیای سۆمۆدا داواکراوە هەموو ٢٥ی مانگێک زانیارییان لەوبارەیەوە بۆ ڕەوانە بکات.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی مانگی سێ دەبێت لە رێگای کارتی بانکییەوە بێت و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم کە ژمارەیان لە میلۆنێک و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر زیاترە لەو مانگەدا ئەو کارتەیان بۆ دروستبکرێت، هەرچەندە چاودێرانی ئەو بوارە ئەو کارە لە مانگێکدا بە ئەستەم دەزانن.



PM:04:26:11/03/2024