زاخۆ.. تەرمی گەنجێک لە رووباری خابوور دۆزرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی ٣٠ ساڵیان لەنێو رووباری خابوور دۆزیوەتەو، کە خەڵکی زاخۆیە و لێکۆلینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
 
رائید ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ راگەیاند" دەوروبەری ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ تەرمی گەنجێکی ٣٠ ساڵیان بەناوی (ی. ا. ی) لەنێو رووباری خابوور لە گوندی چەم کورکی سەر بە ناحیەی رزگاری دۆزیوەتەوە، کە خەڵکی زاخۆیە".
 
وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ وتیشی" تەرمی ئەو گەنجە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ دادپزیشکیی زاخۆ گواستراوەتەوە، بە بڕیاری دادوەریش پەڕەی لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ کەیسەکە کراوەتەوە".
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، لەم مانگەدا ئەمە دووەم حاڵەتی هاوشێوەیە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روودەدات، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو تەرمی گەنجێکی تری ٢٦ ساڵ لەناو رووباری خابووری زاخۆ دۆزرایەوە، کە تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو رووداوەش رانەگەیێندراوە.



PM:11:20:12/03/2024