وەزیری دارایی عێراق: کار بە 'هەژماری من' ناکەین


ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پێیڕاگەیاندووین؛ کە کار بە هەژماری من " لە مامەڵەی ناردنی مووچەدا ناکەن".
  
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ چوار شەممە ١٣ ی ئازار سازیکرد، جەمال کۆچەر وتی " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی پێی وتین؛ هەر وەزارەتێکی هەرێم ئاماری تەواوی ناردبێت مووچەمان بۆ ناردووە".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە، تا ئەو کاتەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بانکی نەکرێت مووچەی مانگی ئازار نانێرێت.

لە بارەی مووچەی ‌هێزە ئەمنییەکانەوە، تەیف سامی باسی لەوە کردووە کە پێویستە داتای هەموو هێزە ئەمنییەکان بنێدرێت بۆ عێراق هاوشێوەی وەزارەتەکانی دیکە و ئەو کاتە مووچەکانیان دەنێردرێت دوای پێداچوونەوە. 

وتیشی، "باسی پڕۆژەی 'هەژماری من' مان کرد بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئەویش پێی وتین ناتوانین پشتی پێ ببەستین و دەبێت، پشت بە بانکە فیدڕاڵییەکان ببەستین." ( لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی وتوویەتی لەماوەی ١٥ رۆژدا هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێم دەکەینەوەو تەواوی دەکەین).



PM:03:55:13/03/2024