دادگای فیدراڵی لەبارەی پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارە دۆسێکە یەکلا بکرێتەوە.

بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ڕۆژی ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن نۆ هاووڵاتییەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێم تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا داواکراوە، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١٨ی هەموارکراوی فیدڕاڵی وەکو خۆی، بەتایبەت ماددەکانی (٦، ٧، ٨و ٩)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە.

دانیشتنی کۆتایی دادگای فیدڕاڵی لە ٢٥ی شوبات بەڕێوەچوو، بڕیارە لە دانیشتنی ئەمجارەدا دۆسێکە یەکلابکرێتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ی ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ڕاگرتووە.

هاوکات لە ڕۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە سکاڵەیەکی دیکە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابەشبکرێت، بر کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران.


AM:09:33:14/03/2024