حووسییەکان: هێرشمان کردووەتە سەر ٧٣ کەشتی ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا

حووسییەکان بڵاویان کردەوە کە لەوەتەی ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە تا ئێستا، لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ٧٣ کەشتی سەربە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیایان کردووەتە ئامانج.

عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان دەکات، لە وتارێکیدا کە لە تەلەفیزیۆنی مەسیرەی گرووپەکەی، باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە و کاردانەوەکان کرد.

حووسی ڕایگەیاند" لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستین لە غەززە دەستیپێکردووە، لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ٧٣ کەشتی (سەربە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا) کردووەتە ئامانج".

سەبارەت بە زیانەکانی خۆیان، حووسی ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجامیانداون ٣٤ کەس لە حووسییەکان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.


PM:01:38:15/03/2024