دادگای فیدراڵی لەبارەی پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارە دۆسێکە یەکلا بکرێتەوە.

بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن نۆ هاووڵاتییەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێم تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا داواکراوە، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١٨ی هەموارکراوی فیدڕاڵی وەکو خۆی، بەتایبەت ماددەکانی (٦، ٧، ٨و ٩)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵبوەشێنێتەوە.

دانیشتنی کۆتایی دادگای فیدڕاڵی لە ٢٥ی شوبات بەڕێوەچوو، بڕیارە لە دانیشتنی ئەمجارەدا دۆسێکە یەکلابکرێتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ی ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی ڕاگرتووە.

هاوکات لە ڕۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدڕاڵی عێراق لە سکاڵەیەکی دیکە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابەشبکرێت، بر کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران.

لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٢٥١ هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە ٧٥١ هەزار ٨٠٥ کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دیناری پێویستە".



AM:10:02:17/03/2024