قۆناغی دووەمی بارانبارین دەستپێدەکات و هۆشداری لافاو دەدرێت

شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوەدەدات کە قۆناغی دووەمی شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکات و هۆشداری لافاو لە هەندێک ناوچە دەدات و دەڵێت" پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سوپاس بۆ خودا لەماوەی کاریگەری قۆناخی ئارامی شەپۆلەکەدا بارانی باش باری لە زۆربەی ناوچەکان لە ئێستاشدا کاریگەری ئەو قۆناغە لەسەر ناوچەکانمان تێپەربووە و قۆناخی دووھەمی ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات کە خۆی ئەبینێتەوە لە ناجێگیربوونی کەش ھەر لە چالاکبوونی با و ھەورە بروسکە و لێزمە باران و تەرزە لە ئێستاشدا ئەم قۆناخە لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراقەوە دەستی پێکردوە و ھەورە بە بروسکەکان چالاکبووە و لەکاتەکانی داھاتوودا فراوان ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و دھۆک کە پێشتریش ھۆشداریمان دا لەو ناوچانەدا بەتایبەت ناوچەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای دھۆک لە قەزای بەردەرەش و قەزای ئاکرێ و ئامێدی و موسڵ ئەگەری زۆرترین رێژەی باران و تەرزە ھەیە کە ببێتە ھۆی دروستبوونی لافاو".

ئاراس جەبار وتیشی" بەگوێرەی کات ئەمڕۆ ئەم قۆناخە سەرجەم ناوچەکان ئەگرێتەوە و تا درەنگانی شەو لێزمە باران و تەرزە و ھەورە بروسکە بە چالاکی بەردەوامی ئەبێت پاشان لە بەیانی سبەی رۆژی چوارشەمەوە ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤ کاریگەریەکانی کەمدەبێتەوە و بەڵام ھەورە بروسکە و تاوە بارانی جیاجیا تا کاتەکانی سبەی ئێوارە لەکات و شوێنی جیاوازدا ناوبەناو چالاک ئەبێتەوە دواتر لەسبەی شەودا کۆتای دێت".

ئاماژەی بەوەشداوە کە پلەکانی گەرما بۆ سبەی بەڕاورد بە ئەمڕۆ ١ تا ٢ پلە نزمدەبنەوە ، بای باشور و باشوری خۆرئاوا مامناوەند چالاک ئەبێت ١٠ - ٢٥کم/ک .



AM:09:44:19/03/2024